دەگوترێ درۆنەکە تورکی بووە

بە درۆن گوندی گەڵاڵەی شارباژێڕ بۆردومانکرا

 964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

کەمێک پێش ئێستا بە درۆن گوندی گەڵاڵە بۆردومان کرا و قایمقامی ماوەت دەڵێت: هیچ زیانێکی نەبووە.

هێشتا بە فەرمی هێزە ئەمنیەکان ئەوە ساغ نەبووەتەوە کە ئەو درۆنەی سنووری گوندی گەڵاڵەی بۆردومان کردووە، چ جۆرە درۆنێکە و لە کوێوە هاتووە و هی کام وڵات یان لایەنە، بەڵام قایمقامی قەزای ماوەت و خەڵکی گوندەکە دەڵێن، درۆنەکە تورکی بووە.

عەلی مەحمود، ئەنجومەنی گوندی گەڵاڵە بە 964ـی وت، تەنیا ئەوەندە زانیاریمان هەیە کە درۆنێکی تورکیا دەرەوەی سنووری گوندەکەمانی بۆردوومان کردووە.

گوندی گەڵاڵە سەر بە شارباژێڕە کە دەکەوێتە سنووری قەزای ماوەت لە سلێمانی، درۆنەکەش بە دووری دوو کیلۆمەتر دەرەوەی گوندەکەی بۆردومان کردووە.

کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە 964ی راگەیاند، بۆردوومانەکە درۆنێکی تورکیا بووە، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە و نازانین بە چ ئامانجێک بۆردوومانەکە کراوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق