پەرلەمانی عێراق تاوتوێ رزگاربووانی ئێزیدییەکان دەکات

964+

فەرمان سادق

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای رزگاربووانی ئێزیدییەکان دەکات.

یاسای ژمارە (8)ـی رزگاربووانی ئێزیدی، ساڵی 2021 لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێدراوە، وەک پڕۆژە یاساش لە 2019ـەوە لە پەرلەمانە و یاسایەکە لە 15 مادە پێکهاتووە.

لە هۆیەکانی دەرچوونی یاسایەکە هاتووە کە ئەوەی رێکخراوی داعش بەرامبەر بە ئێزیدییەکان کردوویەتی کۆمەڵکوژی بووە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

لە یاسایەکەدا بەشێک هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزیدییەکان، هاوکات بەشێکیش هەیە بۆ دەستنیشانکردنی چارەنووسی ئەو منداڵانەی لە ژنانی ئێزیدی لەدایکبوون، بۆ ئەمەش پێویست دەکات دادگایەکە لە شنگال دابمەزرێت.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەدا پرسی هەمواری یەکەمی یاسایەکە دەخرێتەڕوو.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر 11ـی سەر لە بەیانی بەمەبەستی تاوتوێکردنی شەش پڕۆژە یاسا، لەوانە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یەکەمی یاسای رزگاربووانی ئێزدی ژمارە (8)ـی ساڵی 2021 بە ئامادەبوونی لیژنەکانی شەهیدان و قوربانیان، ئافرەتان و خێزان و منداڵان، مافی مرۆڤ بەڕێوە دەچێت.

دواتر خوێندنەوە بۆ پێنج پڕۆژە یاسای دیکە دەکرێت، لەوانە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەنجامدەدرێت.