هەوڵ هەیە بکرێت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون

ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر زەویەکەی پەروەردەی سلێمانی دێتەدەنگ

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەسەر ئەو زەویەی ئامادەیی بەکرەجۆی سلێمانی، کە هەوڵ هەیە بکرێت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاتووەتە دەنگ و دەڵێت پەنا بۆ داواکاری گشتی دەبەن.

رۆژی 18.4.2023 دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە لایەن وەبەرهێنەرێکەوە نووسراویان بۆ کراوە رەزامەندی بدەن لەسەر رادەستکردنی 180 دۆنم زەوی ئامادەیی بەکرەجۆ بۆ دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون.

لە کۆنگرەکەدا بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بێنە سەرخەت و نەهێڵن ئەو کارە سەربگرێت.

رەمەزان نامیق کەریم، سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ی راگەیاند، سەردانی ئامادەییەکەمان کردووە و دوای بەدواداچوونەکان لە رێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو پرسە دەوروژێنین.

وتیشی، “رێگری لە گۆڕینی رەگەزی زەوییەکە دەکەین”.