هەولێر ریمۆنتادای بەسەر دیوانیەدا كرد
964+
مەریەم ئەحمەد – هەولێر
لە گەڕی 26ـی خولی یانە نایابەکانی عێراق، هەولێر لە یاریگای نێودەوڵەتی فرانسۆ هەریری میوانداری یانەی دیوانیەی کرد و یاریەکەی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا.
ئەمڕۆ یەكشەممە 30.4.2024، یاری نێوان هەولێر و دیوانیە بەڕێوەچوو، لە 20 خولەکی سەرەتای یاریەکە ئاستی دیوانیە باشتر بینرا، بە سوود وەرگرتن لە هەڵەی یاریزانانی هێڵی بەرگری یانەی هەولێر توانیان لە ڕێگەی یاریزان (عەلی کەریم) دوو گۆڵ تۆماربكەن، بەر لە کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم، یانەی هەولێر بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم لە رێگەی یاریزان (شێرکۆ کەریم) لە خولەکی 32 جیاوازییەکەی کەمتر کردەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گێمی دووەم، هەولێر فشاری زۆری بۆ سەر گۆڵی دیوانیە دروستکرد، لە خولەکی 51 لە رێگەی یاریزان (عەلی شاخەوان) گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، هێرشەکانی هەولێر بۆ سەر گۆڵی یانەی میوان درێژەی هەبوو، لە خولەکی 76 یاریزان (ئەحمەد ئیبراهیم) گۆڵی سێیەمی بۆ بردنەوەی هەولێر تۆمارکرد.
بەم بردنەوەیە هەولێر کۆی خاڵەکانی بەرزکردەوە بۆ 35 خاڵ، پێشبینی دەکرێت سەربکەوێت بۆ پلەی 12 لە ریزبەندی خولی یانە نایابەکانی عێراق .
پێداچوونەوە: توانا نەقی