دوێنی شەو چی روویدا؟
لە لێدوانەکانی زەیدییەوە تا هەڕەشەکانی ترەمپ
پێویست ناکات لە چەندین شوێن بەدوای هەواڵدا بگەڕێیت بۆئەوەی بزانیت لە دوێنێ شەوەوە چی روویداوە، 964ـت بەسە و ئێمە لێرەوە کورت و پوخت پێت دەڵێین:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە “کۆنفرانسی رۆژی سەروەری” لە بەغدا رایگەیاند، عێراق چووەتە قۆناغێکی نوێوە و کاتی ئەوە هاتووە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و نەبنە قەیران بۆ نەوەی داهاتوو.
نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ هەر هەنگاوێک کە سەقامگیری عێراق پتەوتر بکات.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی لە “کۆنفرانسی سەروەریی” راگەیاند و وتی: رێککەوتووین لەسەر کشانەوەی سوپای تورکیا و چەکدارانی پە*کە*کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان لە دانوستاندان تاوەکو بەگوێرەی خشتەیەکی تایبەت چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت بکەن.
ئاگر لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سەر بە کەتیبەکانی “سـ.ـەرایا عاشـ*ـورا” لە ناوچەی دەورەی بەغدا کەوتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر بسەلمێت ئێران پەیوەندی بە رووداوی فڕۆکەکەی فلای دوبەیەوە هەیە، ئەوا بەتوندی لێیان دەدەین.
دۆناڵد ترەمپ: ئێران رازی بووە بەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بە راوێژکار و نزیکەکانی گوتووە رەنگە لەدوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی 11 هێرشی سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر چەندین تۆڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەوروپادا سەپاند کە هاوکاریی ئێران دەکەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
درەنگانی شەوی رابردوو فڕۆکەکانی سعودیە بەچڕی بۆردومانی یەمەنیان کرد و حکومەتی یەمەن دەڵێت، نزیکەی 27 ئامانج لە پارێزگای سەنعا، سەعدە، تایز، عەمران بۆردومانکراون.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، رووسیا پلانی دارشتووە بەهێزترین هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا کە تا ئێستا ئەنجامی دابێت و پلانەکە بەکارهێنانی زیاتر لە هەزار موشەک و درۆن لە خۆدەگرێت بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکە.
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، دوای باشبوونی دۆخی تەندروستییان، دوو فڕۆکەوانەکەی فڕۆکەکەی فلای دوبەی سعودیەیان بەرەو ئەبوزەبی بە یاوەری تیمێکی ئەمنی ئیماراتی بەجێهیشتووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە (4.10.2026) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامەکانی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) رادەگەیەنرێت.