پۆلیسی سلێمانی: کەسێک براکەی خۆی کوشتووە و هەڵاتووە

964+
ئەحمەد مستەفا

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی خەبات لە سلێمانی، بە فیشەک کەسێک گیانی لەدەستدا، پۆلیس دەڵێت، “برایەکی خۆی تەقەی لێکردووە و هەڵاتووە”.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ی وت، “رووداوەکە لە ئەنجامی دەمەبۆڵەی نێوان دوو براکە روویداوە، برا بچووکەکە تەقەی لە گەورەکە کردووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”.

ئەوەشی وت، “تەقەکەرەکە ھەڵاتووە، ھێزەکانمان چوونەتە سەر شوێنی رووداوەکە، سەرەدا و دەستکەوتوون و دڵنیایی دەدەین بە زووترین کات تۆمەتبار دەستگیردەکەین”.

ئەو شوێنەی برا بچووکە تەقەی لە برا گەورەکەی کردووە، بەردەم ماڵی خۆیان بووە لە گەڕەکی خەبات، وتەبێژەکەی پۆلیس دەڵێت، “کێشەی کۆمەڵایەتیان ھەبووە”.

بەگوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، برا گەورەکەی لەدایکبووی ساڵی 1982ە، برا بچووکەکەش کە تۆمەتبارە بە کوشتنی لە دایکبووی 1996ە.

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، “ئەو چەکەی رووداوەکەی پێ ئەنجامدراوە لە جۆری کڵاشینکۆفە و تەرمی کوژراوەکە گەیەندراوەتە پزیشکی داد لە سلێمانی”.