وەزارەتی کشتوکاڵ سەرقاڵی ئامادەکردنی رێنماییە بۆ یاسای مافی ئاژەڵ

964+

فەهمی نەبی

دوای ئەوەی دەقی یاسایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی و بێلانە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە، بەپێی ئەو وادەیە بێت کە بۆی دیاریکراوە، تەنیا مانگێکی ماوە ئەو یاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردن.

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ شەممە بۆ 964 وتی “ئێستا لیژنەی یاسایی لە وەزارەتی کشتوکاڵ سەرقاڵی ئامادەکردنی رێنماییەکانن لەژێر رۆشنایی یاساکە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردن”.

هیوا ئەوەشی وت، وەزارەتی کشتوکاڵ هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێرتەرنەری ئاگادارکردوەتەوە بۆ ئەوەی تێبینیەکانیان لەسەر یاساکە ئامادەبکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ یاساکە جێی بۆ بکرێتەوە.

بەپێی یاساکە، وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانی و دەستەی ژینگە، لیژنەیەک دروست دەکەن بۆ دەرکردنی رێنمایی تایبەت بە مەیدانی ئاژەڵان، پێشانگای فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی بەڕەڵڵا.
بەگوێرەی یاساکە، بەهەموو شێوەیەک ئازاردانی ئاژەڵ قەدەغەیە، ئەگەر دەرکەوێت کەسێک ئازاری ئاژەڵی ماڵی یان بێلانە بدات، سزا دەدرێت بە پێبژاردنێک لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

 لە مادەی دووی یاساکە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت پەناگە بۆ ئاژەڵی بێلانە دروست بکەن

سەروەر قەرەداغی، بەرپرسی رێکخراوی سروشتی کوردستان، بەوتەی ئەو، سەرەتا رێکخراوەکەی ئەوان پڕۆژە یاساکەیان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، دواتر وەرگیراوە و دەنگی لەسەردراوە.
سەروەر بۆ 964 دەڵێت، ئەو یاسایە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێبکرێت زامنی بەشێکی زۆری مافەکانی ئاژەڵ دەکات لە کوردستان.

   یاساکە لە وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و دوای 31.5.2023 دەچێتە بواری جێبەجێکردن

یاسای ژمارە 14ی رێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی و بێلانەکان، ساڵی 2022 دەرچووە و لە 24 مادە پێکدێت.