لە بازگەی چیمەن "پارەیان وەرگرتوە"
لەکەرکوک ئەفسەرێک و سێ کارمەندی گومرک دەستگیرکرا
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە بازگەی چیمەنی نێوان کەرکوک قەرەهەنجیرە، ئەفسەرێك و سێ کارمەندی گومرک بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل و سەرانە لە شۆفێرانی بارهەڵگر دەستگیرکراون.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە دەستەی دەستپاکی و لێکۆڵینەوەی کەرکوک بە 964 ـی وت، لەسەر بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێڕاق بەرپرسیارێتی بازگەکانی دارەمان و چیمەن لە پۆلیس و سوپا وەرگیراوە و رادەستی ئاسایشی نیشتیمانی کراوە.
وتیشی “وەک یەکەم هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران لە دژی گەندەڵکاران کاتژمێر 11:30 ی خولەکی شەوی رابردوو، ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم لە پۆلیسی گومرک لەگەڵ سێ کارمەندی دەستگیر کراون”.
وەکو باسیدەکات چیرۆکی دەستگیرکردنەکەیان ئەوەبووە کە بینیویانە چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە بازگەی چیمەن تێدەپەڕن بەبێ ئەوەی سۆنار و قەپان بکەن، بەڵام دواتر دەکەونە بۆسەیەکی ئاسایشی نیشتیمانی و دەستەی دەستپاکی، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە لەلایەن کارمەندانی گومرکەوە پارەیان لێوەرگیراوە بۆ ئەوەی چاوپۆشیان لێبکرێت، دەستبەجێ دەستگیریان دەکەن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن