ئەمساڵ سن و کیسەڵەش کار لە بڕشتی گەنمی گەرمیان ناکات
964+
هونەر فارس – گەرمیان
سن و کیسەڵە زیانی ئەوتۆ بە دانەوێڵەی گەرمیان ناگەیەنێت و ئەمساڵ هەر دۆنمێک 700 کیلۆ گەنمی تێدا دەبێت، بە مەزەندەی کشتوکاڵی گەرمیان.
دوای باران بارینی زۆر و تێپەڕاندنی وشکەساڵی لە گەرمیان، کشتوکاڵی گەرمیان جوتیاران دڵنیا دەکاتەوە کە دانەوێڵەکانیان بە بڕشتدەبێت.
“زیانی سن و کیسەڵە لەچاو دانەوێڵەی ناوچە کوێستانیەکان، لە گەرمیان بە سفر حیسابە”. شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان وادەڵێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە گوندەکانی نێوان قۆرەتوو – مەیدان، کە زیاتر لە ناوچە کوێستانیەکانەوە نزیکن، رێژەیەکی کەمی مێروو هەیە، بەڵام دەرمان دەکرێن و زیانی ئەوتۆیان نابێت.
دەشڵێت: پێشبینی دەکەین ئەمساڵ هەر دۆنمێک زەوی 700 کیلۆ گەنمی تێدا بێت.
ئەمساڵ لە سنووری گەرمیان 184 هەزار و 354 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەلایەن سێ هەزار و 654 جوتیار بە گەنم چاندراون، مەزەندە دەکرێت بڕی 143 هەزار و 252 تۆن گەنم بەرهەمی هەبێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق