دانیشتووانی کەلەکچی 52 هەزار کەسن باخچەیەکی نییە منداڵەکانیان یاری تێدا بکەن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بەهۆی نەبوونی شوێنی یاری و باخچە، منداڵانی ناحیەی کەلەکچی لەسەر شەقام یاری دەکەن.

کەلەکچی، وەک گوند مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەردەمی حوکمڕانی (بابانییەکان) لە دەوروبەری ساڵەکانی (1650 تا 1800) زاینی.

لەگەڵ ئەوەی کەلەکچی لە 9.3.2014 بووە بە ناحیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 52 هەزار کەس دەبێت 11 گوندی لەسەرە و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای شێخانە، بەڵام تا ئێستا هیچ باخچەیەکی گشتی و گۆڕەپانی یاری منداڵانی لێ نییە، ئەمەش وایکردووە منداڵان لەسەر شەقامەکان یاری بکەن.

هەڤاڵ محەمەد ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی لەسەر ئەو پرسە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئاگاداری ئەو گرفتە هەین، ئەوەی راستی بێت وەک سەنتەری ناحیەکە پێویستیمان بە پارک و چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری هەیە.

دەشڵێت: هەشت مانگە لیستی پڕۆژەکانمان ناردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە دواکەوتووە.

زیاتر وتیشی “ئەو پڕۆژانەی کە گرنگ بوون لەوانە سەب کردنی کۆڵانەکانی ناو ناحیەکە ئەوان کراون، هەروەها بە گوژمەی 600 ملیۆن دینار شەقامی سەرەکی ناو ناحیەکە کرایە دوو ساید کە درێژییەکەی سێ کیلۆمەترە”.

بە قسەی بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی، شوێن بۆ دروستکردنی پارک دەستنیشانکراوە کە دەکەوێتە سەرەتای هاتنە ناو ناحیەیەکە و رووبەرەکەشی پێنج دۆنم دەبێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق