"بە سنەوبەری عەمودی"
شەقامێكی بنەسڵاوە بە 60 دار سەوز كرا
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
سەرۆكایەتی شارەوانیی قەزای بنەسڵاوە، شەقامێكی قەزاکەی بە سنۆبەر سەوز کرد.
زریان سەباح، سەرۆكی شارەوانیی بنەسڵاوە، بە تۆڕی964ی راگەیاند، شەست نەمامی سنۆبەریان لە شەقامی لای قوتابخانەی دەشتی هەولێر تا تیم مارت چاندووە، ئامانج لێی سەوزكردنی شەقامەكە و زیندووكردنەوەی شوێنەكەیە.
شەقامەكە نزیكەی نیو كیلۆمەترە، لە رێگەی كرێكارەكانی شارەوانییەوە ناوەڕاستی شەقامەكە كێڵرا و نەمامەكان چێنران.
سیستمی ئاویان بۆ دروستكراوە، بۆ ئەوەی لە وەرزی گەرمادا وشك نەبن و لە رێگەی ئاوەڕۆیەكەوە ئاو بەسەرجەم نەمامەكان بگات.
زریان سەباح وتیشی “داوا لە هاوڵاتیان دەكەم، نەمامەكان بپارێزن و هاوكاربن لە پاكڕاگرتنی گەڕەكەكە و نەمامەكانیش، هەروەها خزمەتیان بكەن تا ئەو كاتەی گەورە دەبن و دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن.
سنۆبەرەكان لە جۆری سنۆبەری عەمودیی سێ پەلی گەڵا وردن، هەمیشە سەوزن و كەمترین خزمەتیان دەوێت، تا دەكەونە سەرپێكانی خۆیان و سەوز دەبن.