MRIی هه‌ڵه‌بجه‌

هیچ ئەقڵ و لۆژیکێک قبوڵی ناکا ماوەی ساڵ و نیوێک ئامێرێک چاکنه‌كرێته‌وه‌”

+964

ئه‌مه‌ل ناجی – هه‌ڵه‌بجه‌

ماوەی ساڵ نیوێکە ئامێری MRI لە هەڵەبجە لەکارکەوتووە و تا ئێستاش چاکنەکراوەتەوە، و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجەش باس لەوە دەکات چەندین جار نووسراویان کردووە بۆ چاککردنەوەی، بەڵام نە بە بەڵێ نە بە نەخێر وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بۆ 964 باسی لە کێشەیەكه‌ کرد: “ئەوەی تووشی زەحمەتی و ناڕەحەتی دەبێت خەڵکی ئەم شارەن، ژنێکی بەتەمەنە کە دەبێت تاکسی بگرێت و بچێتە سلێمانی سەعاتێک چاوەڕوان بێت هەتا سەرەی بەردەکەوێت پشکنینێک بکات و دواتر ئەنجامەکەی وەربگرێتەوە”.

وتیشی:” پێشنیازمان کردووە کە ئەم بۆشاییە لە رێی کەرتی تایبەتەوە چارەسەر بکرێت، بە شێوەیەک کە لە جیاتی ئەوەی ئێواران 65 هەزار دینار بۆ پشكنینی MRI  وەربگیرێت و بەیانیان لە نەخۆشخانەی گشتی 25 هەزار دینار، پێشنیازمان کردووە کەرتی تایبەت بەرانبەر هەر پشکنینێک 45 هەزار وەربگرن و ئامێرەکەش هیچ مەسرووفاتێکی لەسەر حکومەت نییە، نە کڕینەکەی و نە سیانەکردنەکەشی، هەمووی دەکەوێتە سەر کەرتی تایبەت، بەم شێوەیەش هێشتا نە وەڵامێکی ئەرێنی و نە نەرێنیمان نەدراوەتەوە”.

باسی ئه‌وه‌شی كرد ساڵ و نیوێكه‌ ئامێره‌كه‌ تێكچووه‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نووسراوی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وان كه‌مته‌رخه‌من و وه‌ڵام ناده‌نه‌وه‌.

ئامێری MRI  تیشكی روونگە و موگناتیسی بۆ نه‌خۆش ده‌گرێت، رێگایەکە بۆ پشکنینی ناوەوەی لەش بۆ دیاریكردنی هه‌ندێك له‌ نه‌خۆشییه‌كان، له‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان نرخه‌كه‌ی گرانه‌ و ده‌گاته‌ 250 هه‌زار دینار، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ توانای هه‌موو كه‌سێكدا نییه‌ ئه‌م پشكنینه‌ بكات.

لەلایەکی دیکەشەوە یەکێک لە کێشەکانی تەندروستی هەڵەبجە، نەبوونی هۆڵی چاودێری چڕە، لەسەر ئەم بابەتەش بەڕێوەبەرەکەی تەندروستی وتی: هەموو شتێکمان ئامادەیە، تەنانەت دەتوانین بابەتی میلاکیش بە جۆرێک چارەسەر بکەین، بەڵام کێشەی گەرمی و ساردی هۆڵەکە لە توانای ئێمەدا نییە و دەبێت کۆمپانیای جێبەجێکاری نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بیدات،  ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەو نووسراوە ناکات بۆ کۆمپانیاکە، كه‌ ده‌بێت بڕه‌پاره‌كه‌ بۆ ئێمه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌”.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا