بەشێک لە چاڵەکانی رێگای دەربەندیخان زەڕایەن پڕکرانەوە
964+
توانا نەقی
بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگا و بانی سلێمانی لەسەر داوای قایمقامیەتی دەربەندیان بە شێوەیەکی کاتی هەستا بە پڕکردنەوەی بەشێک لە چاڵەکانی رێگای نێوان دەربەندیخان زەڕایەن.
پڕکردنەوەی ئەو چاڵانە لە کاتێکدایە کە رێگاکە جگە لەوەی دەبێت بکرێت بە دوو ساید و چەندین ساڵە خەریکن دەبێت سیانەش بکرێتەوە، بەڵام ئێستا لە بری سیانە کردن چاڵەکان لە نزیک گوندی چنارە پڕدەکەنەوە.
سلێمان محمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند، دەبوو رێگاکە سیانە بکرایەتەوە بە گوژمەی 170 ملیۆن دینار و رەزاماندیشیان بۆ وەرگرتووە، بەڵام لە وەزارەتی دارایی کاری بۆ نەکراوە.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی سیانە نەکراوەتەوە چاڵێکی زۆر لە رێگاکەدا هەیە و داوامان لە چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی کرد کە هیچ نەبێت ئەو چاڵانەی کە زۆر گەورەن و زیان بە ئۆتۆمبێل و مەترسی بۆ شۆفێران دروستدەکەن پڕبکەنەوە، ئەوانیش رەزامەندیان دەربڕی.
964 دەزانێت، ئەوەی کە چاڵی زۆر تێدا بووە لە گوندی سیارە تا گوندی چنارە بووە و چاڵ و خراپی رێگاکە بە درێژایی چەند کیلۆمەترێک پڕکراونەتەوە.
قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد، دەبوو ئەو رێگایە ئێستا دوو ساید بوایە، بەڵام لە ساڵی 2015ـوە کاری تێدا نەکراوە و رێگاکەش پارەی بۆ تەرخان ناکرێت سیانە بکرێتەوە بە تەواوەتی.