ئێران بۆ ئەمریکا

“ئێمەش مەرجمان هەیە و تا جێبەجێی نەکەن دانوستان ناکەین”

ژووری هەواڵ

ئێران بۆ دانوستان و رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست کۆمەڵێک بە ئەمریکا دەڵێت، بۆئەوەی متمانەت پێبکەم و بزانم نیازت باشە، ئەم مەرجانە جێبەجێ بکە کە گرنگترینیان هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکانی ئەمریکایە لەسەر ئێران.

ئاژانسی هەواڵی فارس مەرجەکانی ئێرانی راگەیاند و باسی لەوەکرد، دەسەڵاتدارانی ئێران پێنج مەرجی سەرەکیان داناوە بۆ چوونە ناو هەر دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا.

گرنگترین مەرجەکان بریتین لە هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، بەتایبەتی لە بەرەی لوبنان.

ئازادکردنی تەواوی پارە بلۆککراوەکانی ئێران و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە کەوتوونەتەوە لەگەڵ دانپێدانانی واشنتن بە مافی تەواوی ئێران بۆ سەروەری بەسەر گەرووی هورمزدا، ئەو سێ مەرجەی دیکەن کە ئێران بۆ ئیدارەی ترەمپی داناوە.

مەرجەکانی ئەمریکاش بریتین لە، نەدانی هیچ جۆرە سزایەکی دارایی یان قەرەبوو لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بە ئێران، رادەستکردنی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی ئێران بە ئەمریکا و هێشتنەوەی تەنها یەک دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئێراندا، هاوکات لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران تا %25 نەگەڕێندرێنەوە، هەروەها بەستنەوەی راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا تەنها بە دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە، بێ ئەوەی هیچ پابەندبوونێکی پێشوەختەی ئەمریکا هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان.