شەقامی سەرەکییەکەی کردە دووساید

هێما تێکچووەکانی ناو بازاڕی قەزای خەبات نوێکرانەوە

فەرهاد حەسەن

قایمقامییەتی قەزای خەبات دەڵێت، لەسەر داوای قایمقام، تیمی ئەندازەی هاتووچۆ هێما تێکچووەکانی بازاڕی خەباتیان نوێکردەوە و شەقامەکەشیان رێکخستەوە.

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چاکسازی و خزمەتکردنی زیاتری سێکتەری رێگاوبان و هاتووچۆ لە سنوورەکە، تیمی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر سەردانی قەزاکەیان کرد و هێماکانیان نوێکردەوە.

قایمقامییەت دەڵێت، پێشتر هێمای هاتووچۆ لە ناو بازاڕدا داندرابوو، بەڵام بەهۆی بەکارهێنان و تێپەڕبوونی کاتەوە تێکچووبوو و شێوازی پێشوویان نەمابوو، ئەمەش ببووە هۆی دروستبوونی لۆد و ئاستەنگ لەبەردەم شوفێران.

لەم هەڵمەتەدا، تەواوی هێما کۆن و تێکچووەکان لادران و لە شوێنیاندا هێمای نوێی زەمینی و ستوونی جێگیر کران، کە بەهۆیانەوە شەقامی ناو بازاڕ بە تەواوی رێکخرایەوە و کرا بە دووسایدی لێک جیاکراوە.

ئەم هەنگاوە ئاسانکارییەکی زۆر گەورە و بەرچاو بۆ جووڵەی کاسبکاران و هاتووچۆی شوفێران لە ناوەندی قەزاکەدا دروست دەکات و سیما دیمۆگرافی و شارستانییەکەی بازاڕ دەپارێزێت. کارگێڕیی قایمقامیەت هیوادارە شوفێرانیش بە پابەندبوونیان بەم هێمایانە، هاوکاری پاراستنی ئەم رێکخستنە نوێیە بن.