20 جێگا بۆ پاشماوەی قوربانی

هەندێ کەس دەگەنە لای حاویەکە کەچی ئیشەکە بە تەواوی ناکەن

964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر

هەولێر باش خۆی بۆ قوربانی حازرکردووە، لە 20 جێگای دیار حاویەی گەورە گەورە داندراوە بۆ ئەوەی خەڵکی پاشماوەی قوربانییەکانی لێ فڕێ دەدەن، کەچی هەندێ خەڵکی ناقۆڵا دەگەنە لای حاویەکەو ئیشەکە بە تەواوی ناکەن.

پەیامنێری 964 چووە لای یەکێک لە حاوییەکان دیقەتیدا هەندێ کەس زۆر بە باشی پاشماوەکان دەخەنە ناو حاویەکانەوە، بەڵام هەندێ کەسی تر لێی نزیک دەبنەوەو پاشماوە ئاژەڵەکە هەر لەو دەورووبەرە فڕێ دەدەن، لە یەکێک لە سەرپەشتیارەکانی پرسی ئەو خەڵکە بۆ وادەکەن، وتی ”چیبکەین هۆشیارییان نییە”.

مەسعود فارس رۆژبەیانی سەرپەرشتیار زۆنی پێنجە لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر قسەی بۆ 964 کردو وتی: حاوییەکان ئەم دوو رۆژە، لانی کەم هەر رۆژێک سێ جار بەتاڵ دەکرێنەوە تا پاشماوەو پیسی لە شوێنەکان نەمێنن.

ئەو گلەیی هەیە لەو کەسانەش کە پابەند نابن و دەڵێت ”هەم لە رووی ئاینی و هەم لە رووی مرۆی و هەم لە رووی ئەخلاقییەوە، داوا دەکەم خەڵک پابەند بێت، ئاخر ماندووبوونەکەت کردووە هاتویتە ئێرە بۆ لای حاویەکان، دەتوانیت مەترو نیوێک دوو مەتری تر بچیت بخەیتە ناو حاویەکە”.

پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ