24 کاتژمێر کامێرای چاودێری هاتوچۆ لە زاخۆ کاردەکات

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

چیتر کاتی کامێرای چاودێری هاتوچۆ ماوەکەی دەستنیشانکراو نابێت، بەڵکو بە درێژایی شەو و روژ لە چاودێری شوفێران بەردەوام دەبن.

پێشتر لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کامێرای چاودێری لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی تا 12:00ی شەو دادەنرا، بەڵام بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ چیتر لە هەموو کاتەکان کامێرای چاودێری بوونی دەبێت.

بەشیر عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی زاخۆ بە 964ی وت، هاتوچۆی زاخۆ 10 کامێرای چاودێری و شەش کامێرای گەڕۆکی هەیە، شوفێران ئاگادار دەکەنەوە بە شەو و بە ڕوژ کامێراکان بەردەوام کار دەکەن لەبەر سەلامەتی ئەوان.

وتیشی، ئەوانەی جێگیرن پێشتریش بە 24 کاتژمێری کاریان دەکرد، بەڵام ئەوانەی گەڕۆکن لەمەودوا دەبن بە 24 کاتژمێری و هەر شەو و روژێک بەپێی پێویست لە شوێنێک دادەنرێن بۆ ئەوەی لێخورینی خێرای شوفێران و نمایشی ئۆتۆمبێلەکان و ئەو شۆفێرانەی هاوڵاتیان بێزار دەکەن نەمێنێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی