داهاتووی هەڵبژاردنەکان و بڕیارە سیاسییەکان لە مەترسیدا

کاتێک قومار و گرەوکردن جێگەی راپرسییە تەقلیدییەکان دەکاتەوە

964+

ژووری هەواڵ

لە کاتێکدا جیهان چاوی لە ئەنجامی راپرسییەکان و سندووقەکانی دەنگدانە، دیاردەیەکی نوێ بە ناوی کالشی سەری هەڵداوە کە سنووری پێشبینییە سیاسییەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە گۆڕەپانێکی گەورەی بازرگانی و قومار لەسەر رووداوە هەستیارە جیهانییەکان.

کالشی چییە و چۆن کار دەکات؟

لە ساڵی 2018، دوو دەرچووی پەیمانگای تەکنەلۆژی ماساچۆسەتس (MIT) بە ناوەکانی تاریق مەنسوور و لۆانا لۆپێز لارا، وێبسایتێکیان بۆ گرەوکردن و قومار دامەزراند، بیرۆکەکەیان لەسەر بنەمایەکی ئاسان بنیات نرابوو: بۆچی خەڵک بتوانێت لە بازاڕەکانی دراودا مامەڵە بکات، بەڵام نەتوانێت لەسەر رووداوە گەورەکان پێشبینی و گرەو بکات؟ لە ساڵی 2020 ئەم بیرۆکەیە بە فەرمی مۆڵەتی لە ئەمەریکا پێدرا.

پێچەوانەی کۆمپانیا راپرسییە تەقلیدییەکان، کالشی پرسیار لە هاووڵاتییان ناکات کە کام کاندیدیان پێ باشترە، بەڵکو دەرفەت دەداتە خەڵک تاوەکو لەسەر براوەی هەڵبژاردنەکان گرەو بکەن. لەم سیستەمەدا، بابەتی وەک «بەڵێ» و «نەخێر» نرخیان لەسەرە و بە پێی گۆڕانکارییەکانی کات نرخەکەیان دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە، ئەگەر کاندیدێک 60% چانسی بردنەوەی هەبێت، نرخی «بەڵێ» 60 سەنت دەبێت، و کڕینی 100 بەڵێ بە 60 دۆلار دەکاتە گرەویکردن لەسەر 100 دۆلار، کە لە کاتی بردنەوەدا 40 دۆلار قازانج و لە کاتی دۆڕانیشدا تەواوی 60 دۆلارەکە زەرەر دەبێت.

ژمارە پێوانەییەکان و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان

بازاڕی کالشی گەشەیەکی خێرای تۆمار کردووە؛ بە جۆرێک کە تاوەکو 4ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، قەبارەی بازرگانی لە بازاڕەکانی هەڵبژاردندا 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی 2024دا ئەم قەبارەیە تەنها 1.3 ملیار دۆلار بوو و پێشبینییەکانی بە رێژەی 98% ڕاست دەرچوون.

یەکێک لە نموونە دیارەکان ناوچەی 15ی کۆنگرێسی تەکساس بوو؛ لە مانگی ئاداری 2026دا، کالشی رایگەیاند کە دیموکراتەکان تەکساس دەبەنەوە، لە کاتێکدا راپرسییە تەقلیدییەکان پێشبڕکێکەیان بۆ کۆماریخوازەکان یەکلا کردبووەوە، هەروەها لە پێشبڕکێی کورسی ئەنجومەنی پیران لە میشیگان، لە نێوان عەبدول سەید (دیموکرات) و مایک ڕۆجەرز (کۆماریخواز)، تەنها لە چەند کاتژمێرێکدا بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە قەبارەی مامەڵەکان گەیشتە 6.21 ملیۆن دۆلار و پێشبینییەکان تا شەوی هەڵبژاردن سەرکەوتنی عەبدول سەیدیان بە نزیکەی 99% دانا.

مەترسییەکان؛ کاتێک بڕیارە سیاسییەکان دەبنە ئامرازی قومار

سەیرترین نموونەی ئەم بازاڕە، پرسیاری سەر لیستی کالشی بوو سەبارەت بە لادانی عەلی خامەنەیی، ڕابەری ئێران، لە دەسەڵات لە 28ی شوباتدا، کە قەبارەی بازرگانییەکە گەیشتە 54 ملیۆن دۆلار. دوای کوژرانی ناوبراو، مشتومڕ دروست بوو کە ئایا ئەوانەی «بەڵێ»یان کڕیوە براوەن یان نا، و ناچار کالشی ناچار بوو بازاڕەکە ڕابگرێت و یاسای تایبەت جێبەجێ بکات، چونکە لادان بە واتای مردن نەهاتبوو.

ئەم بارودۆخە پرسیارێکی گەورەی دروست کردووە: چی روودەدات کاتێک خەڵک دەتوانن لەسەر کوشتن، توندوتیژی سەربازی و گۆڕینی ڕژێمەکان پارە پەیدا بکەن؟ بەتایبەت کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە هەندێک لە کەسە نزیکەکانی دەسەڵات پێش هێرشە سەربازییەکان لەسەر کالشی گرەویان کردووە و ملیۆنان دۆلاریان بردووەتەوە، ئێستا ئەم پرسیارە جدییە لە ئارادایە: ئایا لە داهاتوودا بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی حکومەت دەکەونە ژێر کاریگەریی قازانجی بازرگانانی ناو بازاڕەکانی قومارەوە؟