بۆ رێگری لە گزیکردن

پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی 9 و 12 کۆدی خۆی دەبێت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی پەروەردە 10 خاڵی رێنمایی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلەکانی 9 و 12 بڵاوکردەوە، زۆربەی خاڵەکانی ئەو رێنماییە تایبەتن بە رێگریکردن لە ئاشکراکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە، بەجۆرێک هەر پرسیارێک کۆدی خۆی دەبێت.

رێنماییەکان ئەمڕۆ 26.4.2023 وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردوەتەوە.

بەپێی ئەو رێنماییانەی بڵاوکراونەتەوە، هیچ سەرپەرشتیارێکی هۆڵ و چاودێرێک بۆی نییە مۆبایل بباتە ژووری تاقیکردنەوە، لە خاڵێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە چاودێران کەشێکی گونجاو بۆ قوتابیان بگونجێنن.

هاوکات ئەوەش هاتووە لەکاتی تەواو بوونی تاقیکردنەوەکان پێویستە پرسیارەکان لە قوتابیان وەربگیرێتەوە، بەر لەچوونە هۆڵی تاقیکردنەوە پشکنین بۆ قوتابیان دەکرێت، رێگری دەکرێت لەبردنە ژوورەوەی هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، بە گزی هەژمار دەکرێت.

سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی وێنەی پرسیارەکان لەلایەن چاودێر و سەرپەرشتیارانی هۆڵ، وەزارەتی پەروەردە بەتەواوت قەدەغەی کردووە، هاوکات شیکارکردن یان حەلکردنی پرسیارەکان و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیال میدیا قەدەغەیە.

بەگوێرەی بڕیارە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە، هەر پرسیارێک کۆدی خۆی دەبێت، ئەو کاتەی وێنەی پرسیارەکان بگیرێت و بڵاوبکرێتەوە ئاشکرا دەبێت لە چ ناوەندێک ئەو پرسیارە وێنەی گیراوە.

وابڕیارە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی 9 لە رێککەوتی 29.4.2023 بەڕێوەبچێت، دواتر تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی 12 لە 3.6.2023 بەڕێوەبچێت.

دەقی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە: