کۆمسیۆن: زەحمەتە ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت
964+
فەهمی نەبی
بە پێی وتەی بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت لەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام نادرێت.
پەرلەمانی عێراق لە 20.3.2023 لە دانیشتنێک 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریی کرد.
ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ 964 وتی “لەوانەیە ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام نەدرێت و دوابکەوێت بۆ ساڵی 2024”.
بە پێی قسەی ئەحمەد مازن بێت، ئاماری بەشداریی خەڵک لە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، رێژەکانی جیاوازە، ئەو دەڵێت، هەندێک هەفتە هەیە تەنیا سەد کەس بەشداری نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەکەن، بەڵام هەندێک هەفتەی دیکە ئەو ژمارەیە دەگاتە هەزار و 300 کەس.
هاوکات بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمسیۆن رایدەگەیەنێت، هێشتا هیچ بنکەیەکی تایبەت بە ئاوارەکان نییە.
لە سنووری پارێزگای هەولێر 53 بنکەی تۆمارکردنی بایۆمەتری هەیە، هاوکات لە پارێزگای سلێمانی 79 بنکە و پارێزگای دهۆک 41 بنکە هەیە.
ئەو کەسانەی کارتی دەنگدانیان نییە یان دەیانەوێت نوێی بکەنەوە، بەگوێرەی زانیاری 964 تەواوکردنی مامەڵەی هەر کەسێک لە رۆژێکدا تەواو دەبێت، بەڵام وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتریەکەی شەش مانگ تا ساڵێکی پێدەچێت.