قایمقامیەتی قەسری شیرین: رۆژانە 300 تانکەری سوتەمەنی لە هەرێمەوە دێنە ئێران

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

قایمقامیەتی قەسری شیرین لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، رۆژانە زیاتر لە 300 تانکەر سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستانەوە و لە رێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە دێنە ئێران.

زاری محەمەد حەیدەری، سەرپەرشتیاری قایمقامیەتی قەزای قەسری شیرین ئەم قسانەی بۆ ماڵپەڕی “عالەم”ـی ئێرانی کردووە و وتویەتی، لە رۆژانی جەژنی رەمەزانیشدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق لە رێگەی هەردوو دەروازەی خوسرەوی و پەروێزخانەوە بەردوام بووە.

هەروەها بە وتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی رۆژانە لە ئێرانەوە بە دەروازەی پەروێزخاندا دێنە عێراق، نزیکەی 700 دانەن.

نزیکەی 400 بارهەڵگری دیکەش، کە جگە لە سوتەمەنی شتی دیکە دەگوازنەوە، لە رێگەی دەروازەی خوسرەوییەوە دەچنە ئێران.

بەپێی ئاماری فەرمی قایمقامیەتی قەسری شیرین، 63٪ـی سەرجەم هەناردەی پارێزگای کرماشان لەو دوو دەروازەیەوە دەنێردرێنە دەرەوە.