سێ برینداری تەقینەوەکەی کەلار گەیەندرانە سلێمانی

964+
ئەحمەد مستەفا

سێ لە بریندارانی تەقینەوەکەی بەیانی ئەمڕۆی کەلار گەیەندرانە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی و رێژەی سوتانی یەکێک لە بریندارەکان 57% و تەندروستی ناجێگیرە.

لە ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلاری ئیدارەی گەرمیان، بەیانی ئەمڕۆ تانکی بارھەڵگرێک تەقییەوە کاتێک ویسترابوو لەحیم بکرێت، بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و سیانی دیکە برینداربوون.

بریندارەکان بە سەیارەی فریاکەوتن رەوانەی سلێمانی کران، ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی بە 964ی وت، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەر سێ بریندارەکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەمان کە سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن”.

وتیشی، “یەکێکیان 57%، دووەمیان 54% و سێیەمیان 45%ی جەستەی سووتاوە، دۆخی ئەوەی یەکەمیان جێگیر نییە.”.

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی ئەوەشی وت، دکتۆری پسپۆڕ سەرجەم بریندارەکانی بینیوە و لە حاڵەتەکانیان کۆڵیوەتەوە تا رێکاری چارەسەری دەستپێبکەن.