برنجەکانی بازاڕ کێشەی نیە
ئەو برنجەی لە بازاڕەکاندا هەیە راستییە
دیلان محەمەد جەزا
دوا بە دوای بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆی دروستکردنی برنج لە ماددەی پلاستیکی، پسپۆڕێک دەڵێت، ئەو جۆرە برنجەی لە کوردستاندا نییە و ئەوەی ھەیە لە بازاڕدا برنجی سروشتییە.
دکتۆر بێستون عومەر پسپۆڕی بایۆتەکنەلۆژیای رووهك، به تۆڕی 964ی وت، ھەر برنجێک ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بە باشترین ئامێر پشکنینی بۆ دەکرێت و دڵنیان لەوەی برنجی تەواوە و سەرجەم پێکھاتە خۆراکییەکانی تێدایه.
وتیشی، ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوبووهتەوە تەنیا بۆ بابەتی ریسایکلینە و لەسەر شێوەی برنج دروستی دەکەن، بۆ ئەوەی جێگهیەکی کەم بگرێت، دواتر لە دروستکردنی پێداویستی پلاستیکی بەکاردێت و ھیچ پەیوەندییەکی بە برنجەوە نییە.
ئێستا دوو جۆر برنج لە کوردستاندا ههیه، یەکەمیان ئینتیکا، ئەو برنجە درێژەیە لە بازاڕەکاندا و نیشتمانی چاندنی وڵاتانی ھیندستان و چین و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئاسیایە، جۆری دووەم جاپۆنیکایە، ئەو برنجە خڕەیە و نیشتمانەکەی وڵاتی ژاپۆنە.
دکتۆر بێستون عومەر ههروهها دهڵێت: “ھەردوو جۆرەکەی برنج پێکھاتەکانیان کاربۆھیدرات و دوو جۆر شەکرن، لە برنجی خڕدا جۆری شەکری ئەمیلۆ پیکتین بەرزە و لە برنجی درێژدا شەکری ئەمیلۆز پیکتین بەرزە.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا