گومان هه‌یه‌ نەخۆشی هەوکردنی مێشک لە کۆیە دەرکەوتبێت

+964
شلێر سەعید – کۆیە

حاڵه‌تێكی گوماناوی نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشكی منداڵان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كۆیه‌ هه‌ستی پێكراوه‌، به‌هۆی نه‌بوونی پشكنینی وردیشه‌وه‌ له‌ كۆیه‌، ره‌وانه‌ی سلێمانی كراوه‌.

هه‌فته‌یه‌ك زیاتره‌ حاڵه‌ته‌كانی نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشكی منداڵان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زیادی كردووه‌ و زیاتر له‌ 40 كه‌یس له‌ نه‌خۆشخانه‌ داخل كراون، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌یش حاڵه‌تێك، كه‌ نیشانه‌كانی هاوشێوه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ بووه‌، له‌ كۆیه‌ هاتووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، به‌لام هێشتا یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌.

نەشئەت محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ منداڵێکی نەخۆش گەیه‌نراوەتە بەشی فریاکەوتن، گومانیان هەبووە نەخۆشی هەوکردنی په‌رده‌ی مێشکی هەبووبێت.

وتیشی، بەهۆی ئەوەی پشکنینی ئەو نەخۆشییە لە کۆیە نییە، رەوانەی شاری سلێمانی کراوه‌.

هاوکات دکتۆر عەبدوڵا مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید دکتۆر خالید له‌ كۆیه‌، بۆ تۆڕی 964 وتی، “منداڵەکە لە لایەن پزیشکی تایبەت بە منداڵان بینراوە و گومان دەکرێت حاڵەتەکە هەوکردنی پەردەی مێشک بێت، چونكه‌ نیشانەکانی وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، رەقبونی ماسوولکەکان، رشانەوە و بێهێزی هەبووە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا