هاتوچۆی سلێمانی: دەستبەسەر ئەو ماتۆڕسکیلانە دەگیرێت کە خەڵک بێزار دەکەن

964+

دیلان محەمەد جەزا

لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان هاتوچۆی سلێمانی دەستیگرتووە بەسەر 30 ماتۆڕسکیل و دوو ئۆتۆمبێڵ، کە ببونە هۆکاری بێزارکردنی هاوڵاتیان.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لەچەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی دیاردەی بەکرێدانی ماتۆڕسکیل هەبوو، بەشێک لە خەڵکی ئەو گەڕەکانە سکاڵایان لای بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ کرد، ئەمە بەوتەی عەقید بەھمەن ئەحمەد بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ناو شاری سلێمانی.

ئەو بەڕێوەبەرە قسەی بۆ 964 کرد، دەڵێت: ئەمڕۆ ھەڵمەتێک ئەنجامدراوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێل، لەو هەڵمەتە 30 ماتۆڕسکیل و دوو ئۆتۆمبێل بە دەستی مێردمنداڵانەوە گیراون و سەرجەمیان رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن کراون.

عەقید بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھاتوچۆی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ھەڵمەتی بنەبڕکردنی دیاردە نایاساییەکان بەردەوامی ھەیە و بەردەوامیش دەبێت، ھەر ئۆتۆمبێلێک یان ماتۆڕسکیلێک ببێتە ھۆی بێزارکردنی ھاوڵاتیان راستەخۆ دەستیبەسەردادەگیرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی