هۆتێلەکانی دهۆک لە گەشتیار خاڵین
+964
عەمار عەزیز – دهۆک
ئەم جەژنە دەبێتە جەژنێکی خراپ بۆ خاوەن هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک، چونکە تا ئێستا تەنیا 10٪ـیان بۆ رۆژانی جەژن گیراون و ئەوانەی دیکە هەموویان لە گەشتیار خاڵین.
نزیکەی 210 هۆتێل و مۆتێل لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن، پارساڵ لەم کاتانەدا سەرووی 90٪ـیان گیرابوون.
ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک بە 964ی وت، “زۆربەی گەشتیاران روو لە هەولێر و سلێمانی دەکەن، قسەم لەگەڵ خاوەن کۆمپانیایەک کرد بە منی وت رۆژانە 10 بۆ 15 پاس لە گەشتیار روو لە هەولێر و سلێمانی دەکەن، بەڵام بۆ دهۆک گەشتیار نییە، کەس داوای دهۆک ناکات”.
لە بارەی هۆکاری کەمی هاتنی گەشتیارەکان بۆ دهۆک، ئیحسان عیسا گلەیی لە مامەڵەی خاوەن دوکان و خواردنگەکان دەکات و دەڵێت، بە گران خواردەمەنی و شتومەکیان پێدەفرۆشن.
“هەر لە بازگەکان، کاتێک گەشتیاران روو لە دهۆک دەکەن، بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، خاوەن دوکان و چێشتخانەکان شت بە گران دەفرۆشن، گەشتیارەکان، بە نموونە ئەگەر کەسێک کە خەڵکی دهۆک بێت بچێتە چێشتخانەیەک نەفەرێک کەباب بخوات یان هەر خواردنێکی تر 12 هەزاردیناری لێیوەردەگرن، بەڵام بۆ گەشتیار 16 هەزار دینار، دهۆک ناوبانگی دەرکردووە بۆ گرانی.”