قازی بێستانسوور ره‌واجی باشی هه‌یه
سه‌رما هاته‌وه و به‌كۆمه‌ڵ به‌دوای گۆشتی قازدا ده‌گه‌ڕێن
بڕوا مه‌جید – شاره‌زوور
دوو ژنی دنیادیده‌ی گوندی بێستانسوور پێیان وایه گۆشتی قازی گونده‌كه‌ی ئه‌وان، له هه‌موو كوردستان جیاوازتره و ده‌ڵێن، هه‌ركه سه‌رما هاته‌وه ئیتر له سلێمانی و شوێنه‌كانی دیكه‌وه هاوڵاتیان بۆ كڕینی قاز روویان تێده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی وه‌رزی سه‌رماوسۆڵه، به‌شێكی هاوڵاتیان له كوردستان حه‌زیان له گۆشتی قازه و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، جا بیكڕن یان داوه‌ت بكرێن و به‌لاش ده‌ستیان بكه‌وێت.
ئه‌وه‌ی جیاوازه، قازی بێستانسووره، ئه‌و گونده مێژووییه‌ی دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەڤەری شارەزوور.
964 سه‌ردانی گونده‌كه‌ی كرد و ئامینه حه‌مه‌مسته‌فای دواند، كه ژنێكی دنیادیده‌یه و قازیش به‌خێوده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێت، “قازی بێستانسوور جیاوازه له قازی شوێنه‌كانی تر، چونكه له كه‌شوهه‌وا و ئاوێكی خاوێن ده‌ژیت و گۆشته‌كه‌ی چه‌ور و خۆشه”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، كه سه‌رما هه‌ڵده‌كا، ئیتر هاوڵاتیانی سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه به كۆمه‌ڵ دێن بۆ كڕینی قاز، چونكه قازی بێستانسوور به‌ناوبانگ و تایبه‌ته.
هه‌روه‌ها فاتمه قادر، ژنێكی به‌ته‌مه‌ن و دنیادیده‌ی دیكه‌ی بێستانسووره و ئه‌ویش بۆ 964 ده‌ڵێت، قازی بێستانسوور به برنجی كوردی و سه‌وزه زۆر خۆشه.
قاتمه‌خان شێوازی ئاماده‌كردنی قاز بۆ 964 باس ده‌كات و ده‌شڵێت، قازی بێستانسوور له مراوی خۆشتره و جیاوازی زۆره.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا