لە سلێمانی

لەسەر فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ دوو کەس دەستگیر دەکرێن

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

لەسەر فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دوو گۆشتفرۆش دەستگیر دەکەن کە باوک و کوڕن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19.4.2023، باوک و کوڕێکی قەساب لەسەر سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستگیر کران.

بەپێی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، ئەو باوک و کوڕە، گۆشتفرۆشی سەر شەقامن و خەڵکی گەڕەک هەواڵیان بە قایمقامیەت داوە.

ئەوان ئەسپەکەیان لە ماڵەوە، لە گەڕەکی شێخ عەباس کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، سەربڕیوە و گۆشتەکەشیان لەسەر شەقام بە گۆشتی کاوڕ و ئاژەڵی بچووک، کیلۆی بە 12 هەزار دینار بە خەڵک فرۆشتووە.

لە ئێستادا گۆشتی ئەسپەکە رەوانەی پشکنین کراوە بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە ئەسپەکە پێش سەربڕینی هیچ نەخۆشییەکەی هەوبووە یان نا.

ئەوەی گۆشتی ئەسپ لە گۆشتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە گۆشتەکە بۆنی دێت و لینجە.