"شعر و چیرۆك و رۆمانن"

پێنج هەزار كتێب بەسەر قوتابخانەكانی دهۆكدا دابەشدەكرێت

964+
عەمار عەزیز – دهۆک
پێنج هەزار كتێب بەسەر سەرجەم قوتابخانەکانی دهۆكدا دابەشدەكرێت.

سێ مانگ پێش ئێستا خاوەن كتێبخانەیەك لە دهۆك بەهۆی نەبوونی شوێن و نەبونی كڕیارەوە داوای كرد هاوكاریی بكرێت و كتێبەكانی بۆ ساغبكرێتەوە.

لیژنەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری دهۆك، سەرجەم كتێبەكانیان لە خاوەنی كتێبخانەكە كڕی.

كتێبەكان بەشێكی زۆریان تێكچووبوون، پێش ئەوەی پۆلێن بكرێن بە 10هەزار كتێب مەزەندە دەكران، دواتر كە پۆلێن كران دەركەوت 18 هەزار و 331 كتێبن.

پاش چاككردنەوە و پاككردنەوە و بەرگتێگرتنیان بڕی پێنج هەزار كتێبیان رەوانەی دهۆك كراون و دابەشدەكرێن بەسەر كتێبخانەكاندا.

مەسعود خالید، بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەكانی دهۆك باسی دۆخەكە دەكات، ئەو دەڵێت، لەكۆی ئەو 18 هەزار كتێبە، 13 هەزاریان لە كتێبخانەكانی بەدرخان و كتێبخانەكانی دیكە دەپارێزرێن و ئەوانی دیكەش دەدرێن بە قوتابخانەكانی دهۆك.

بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی دهۆك، لیژنەیەكی سێ كەسی بۆ وەرگرتن و دابەشكردنی كتێبەكان بەسەر قوتابخانەكاندا دەستنیشانكردووە و بەو زوانەش دەستدەكرێت بەدابەشكردنیان.

ئەو كتێبانەی بەسەر قوتابخانەكانی سنوری پارێزگای دهۆكدا دابەشدەكرێت لە جۆری چیرۆك و زانیستی و یاسا و پەروەردە و كۆمەڵایەتی و شعر و چەند بوارێكی دیكەن.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد