دەیانەوێت بیکەن بە کولتوور

تێنس دەبەنە شوێنە گشتییەکان

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

بەرێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی لە هەنگاوێکی نوێدا پڕۆژەی تێنسی سەرمێزی لە پارکی ئازادی دەستپێکرد.

بۆ زیاتر برەودان بە پێشخستی بواری وەرزش بە گشتی و یاری تێنسی سەرمێز بە تایبەتی، بەرێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی لە پارکی ئازادی مێزی یاری تێنسی جێگیرکرد بە مەبەستی بە کولتوور کردنی ئەو یارییە.

کاروان شێخ زیرەک، بەڕێوەبەری وەرزشی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 وتی، بە ئامانجی بە کولتوور کردنی بواری وەرزش بە گشتی و یاری تۆپی سەرمێز بە تایبەتی، بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی ئەم یارییە لە ناو شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئەم بیرۆکەیەمان دانا کە ئەم یارییە لە هۆڵەکان بهێنینە دەرەوە و لەناو پارک و شوێنە گشتییەکان هەموو کەسێک بۆی هەبێت یاری بکات.

بەرێوەبەری وەرزشی سلێمانی ئەوەشی وت، بەداخەوە یانەکان ئەوەندە گرنگی بەم یارییە نادەن لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری یانە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوونی هەیە، بەڵام تەنیا دوو بۆ سێ یانە یاری تێنسی سەرمێزیان هەیە هەربۆیە ئەم یارییەمان پێشخست و لە بەرنامەدایە لە داهاتوودا یارییەکانی تریش بەهەمان شێوە گرنگی پێ بدەین.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق