75 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە

پێش جەژن موچەی 750 کارگوزاری قەزاکانی ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش دابەشدەکرێت

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

750 کارگوزاری قەزاکانی ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش بێ موچە بەردەوامن لە پاککردنەوەی شەقامەکان و کۆکردنەوە و فڕێدانی زبڵ و خاشاک، بڕیارە پێش جرژن موچەیەکیان پێ بدرێت.

ئەو 750 کارگوزارە کارمەندی کۆمپانیای MRFـن، یەکێکە لە کۆمپانیاکانی پاککەرەوە و ژینگەپارێزی و لە هەرسێ قەزای ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک کار دەکات.

964 دەزانێت، گرێبەستی کۆمپانیایەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە لە کار کردن و موچەی هەردوو مانگی کانوونی یەکەمی 2022 و کانونی دووەمی 2023ـی لەسەر گیرفانی خۆی بە کارمەندانی داوە.

بڵند رەزا زوبیر، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە 964ـی وت، بەهۆی کۆمەڵێک رێکار نوێکردنەوەی گرێبەستەکە دواکەوتووە، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر توانرا موچەی مانگی شوباتی رابردوویان بۆ دابین بکەین کە بڕیارە پێش جەژن بەسەریان دابەشبکرێت.

دەشڵێت: پارێزگاری دهۆک و لایەنی پەیوەندیدار لەسەرخەتن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکە نوێ بکرێتەوە و موچەی مانگی سێ و ئەوەیشی ماوەتەوە دابەشبکرێت.

کۆمپانیای MRF، کۆمپانیایەکی تایبەتە بە ژینگەپارێزی و 750 کارمەندی هەیە کە موچەکانیان لەنێوان 300 بۆ 500 هەزار دینارە، هەندێکیشیان موچەکەیان دەگاتە 800 هەزار دینار.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق