پەرلەمان بەدواداچوون بۆ زۆربوونی کەیسی ئۆتیزم دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ هۆکاری زۆربوونی منداڵانی ئۆتیزم دەکات لە کوردستان. لیژنەکە پەرلەمانی کوردستان دروستی دەکات و دوای جەژنی رەمەزان دەستبەکار دەبێت.
لیژنەکەی پەرلەمان سەرەتا ئامارێکی گشتگیری کەیسەکانی ئۆتیزم وەردەگرێت، پاشان لە سەنتەرەکانی ئۆتیزم و راوێژکردن بە پزیشکانی پسپۆڕ لە هۆکارەکانی زۆربوونی دەکۆڵنەوە.
ئۆتیزم بریتییە لە دیاردەیەکی پەشۆکان یان تێکچوونی گەشەی مێشک. کار لە کردار، رەفتارەکان، قسەکردن، تێگەیشتن و وەرگرتنی بابەتەکان دەکات.
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەو راپۆرتانەی بۆمان دێن بەردەوام جەخت لە زۆربوونی کەیسەکانی ئۆتیزم دەکەنەوە.
بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، ژمارەی کەیسەکانی ئۆتیزم لە هەرێم 3300 کەیسە.
ئامارەکانی کۆمەڵەکە دەریدەخەن، تا ساڵی 2000 لە هەر 150 منداڵێک یەکێکیان ئۆتیزم بووە، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە حاڵەتەکان زیاتر بوون و ئێستا لە هەر 90 منداڵێک یەکێکیان ئۆتیزمی هەیە.
“بۆ ئێمە جێی بایەخ و گرنگە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی ورد لەوبارەیەوە بکەین و دوای جەژنی رەمەزان دەستبەکار دەبین”، لەیلا عەبدولجەبار وای وت.
لە هەرێمی کوردستان لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سەنتەری حکومیی تایبەت بە راهێنانی کەیسەکانی ئۆتیزم بوونیان هەیە، هەروەها 36 سەنتەری راهێنانی ناحکومی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم مۆڵەتیان هەیە.