لە هەولێر 28 بەنزینخانە بەسەرکرانەوە و هۆشداریی توند درایە سەرپێچیکاران
964+
پەری ساڵح
بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتیی بەنزین لە پارێزگای هەولێر ئەمرۆ سەردانی 28 بەنزینخانەیان کرد و ئەوانەی پابەندی نرخە دیاریکراوەکان نەبوون، ئاگادارکرانەوە و ناچارکران بە جێبەجێکردنی نرخە نوێیەکان.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر؛ لیژنەکە زیاتر لە 28 بەنزینخانەی لە ناو شاری هەولێر بەسەرکردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین (نۆرمال، محەسەن و سوپەر)، ئەو بەنزینخانانەی پابەندی نرخە دیاریکراوەکان نەبوون، ئاگادارکرانەوە و ناچارکران بە جێبەجێکردنی نرخە نوێیەکان.
لیژنەکە دووپاتی کردەوە کە هیچ سەرپێچییەک قبوڵ ناکرێت،هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت، راستەوخۆ رووبەڕووی سزای کارگێڕی، رێکاری یاسایی و تەنانەت داخستن دەبێتەوە، ئەم هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی بەنزینی کوالێتی باش بە نرخێکی گونجاو و پاراستنی مافی هاوڵاتییان.