دوای 35 ساڵ

تەنیا دوو وڵات ئەنفالی وەک جینۆساید ناساندووە

964+

فەهمی نەبی

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا ئێستا هەریەکە لە هۆڵەندا و سوید، لەسەر ئاستی ناوخۆ هەریەکە لە پەرلەمانی عێراق و دادگای باڵای تاوانەکان ئەنفالیان وەک جینۆساید ناساندوە.

ئەمڕۆ هەینی یادی 35 ساڵەی تاوانی ئەنفال بوو، ئەو پرۆسەیەی بە هەشت قۆناغ زیاتر لە 182 هەزار هاوڵاتی کوردی بێسەروشوێن کرد.

عەلی مەحمود، چالاکی بواری جینۆساید بۆ 964 وتی ” لە 2004 تا 2009 دادگای لاهای لە هۆڵەندا، لەپرۆسەی دادگایی فرانس فان ئارنت، ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند، هەوڵی دووەمیش لە رێگەی لیژنەی دەروەوەی پەرلەمانی سوید بوو بەتێکڕای دەنگ ئەنفالیان وەکو جینۆساید ناساند”.

بەوتەی عەلی مەحمود، بەدیاریکراوی لەسەر دۆسیەی ئەنفال کەس دادگایی نەکراوە، هەوڵێک هەبوو بۆ دادگایی فارس نیعمە میعیاوی لە نەمسا، کە تاوانبارە بە دوو کەیس، یەکیان تاوانی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانی ئەوەی تر تاوانی ئەنفال، بەڵام هیچ یەک لە هەرێم و بەغدا یارمەتی ئەو هەوڵەیان نەداوە.

بەپێی بەدواداچوونی 964 لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا ئێستا چەند هەوڵێکی دیکە هەبوونە بۆ ناساندنی ئەنفال وەک جینۆساید.
لە ساڵی 1994 سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی ئەنفالی وەک جینوساید ناساند.
لە ساڵی 2008 پەیمانگای سویسرا بۆ ئاشتی ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند.
لەسەر ئاستی ناوخۆ:
لە ساڵی 2010 دادگای باڵای تاوانی عێراق، ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند.
لە ساڵی 2011 دادگای باڵای دادوەری عێراق و پەرلەمانی عێراق، جینۆسایدی فەیلییەکانی وەک جینۆساید ناساند.

عەلی مەحمود، رەخنەی هەیە لەسەر کەیسی ئەوانەی دەستیان لە پرۆسەی ئەنفال هەبووە دەڵێت: لەسەر کەیسی ئەنفال چوومەتە داواکاری گشتی بۆ سکاڵا، پێم دەڵێن ئەوە ئیشی تۆ نییە، داواکاری گشتی نامەیەکی نارد بۆ نوسینگەکانی خۆی تەنیا لە گەرمیان سێ تاوانبار دەستگیرکران، یەکێکیان لە زیندان مرد.

بەپێی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو حەوت کەسەی کە وەک کەسی یەکەمی عێراق دادگایی کران، هیچیان لەسەر دۆسیەی ئەنفال نەبوو.

دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، لەدوای ساڵی 2003 لیستێکی 423 کەسی وەک تاوانبارانی ئەنفال بڵاوکردەوە، بەڵام بەوتەی ئەو چالاکوانەی بواری جینۆساید، هیچ هەوڵێک نەبووە تا دەستگیر بکرێن.

ئەنفال وەک پرۆسەی جینۆسایدکردنی کورد، لە شوباتی 1988 بە هەشت قۆناغ دەستیپێکرد بۆ سەر شەش ناوچەی هەرێمی کوردستان، تا سەرەتای ئەیلولی 1988 بەردەوام بوو.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ سەبارەت بەعێراق، لە ئەنجامی ئەو شاڵاوانەی ئەنجامدران، سێ هەزار و 839 گوند خاپور بوون، هەزار و 757 قوتابجانە و دوو هەزار و 457 مزگەوت روخێنران و نزیکە 22 هەزار خێزان راگوێزران.