لە خانەقین خاڵی گومرگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دانرا فۆتۆ: 964
کێشەکان پەیوەستن بە بازرگانان
کونسوڵخانەى ئەمریکا بەدواداچوون بۆ کێشەکانى هەولێر و بەغداد دەکات
964+
ژووری هەواڵ
شاندێکى کونسوڵخانەى ئەمریکا سەردانى ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێرى کرد، سەرۆکى ژوورى بازرگانى هەولێر رایگەیاند، بە شاندەکەى کونسوڵخانەى ئەمریکایان گوتووە، عێراق گرفت بۆ کۆمپانیا و کارسازانى هەرێمى کوردستانى دروستدەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 17.9.2024، گەیلان حاجى سەعید سەرۆکى ژوورى بازرگانى هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کونسوڵى ئەمریکا بەڵێنى هاوکاریکردنى هەرێمى کوردستانیداوە بۆ ئەوەى کیشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن.
“کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی پیشاندا لەو کێشانەی کە عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دروستدەکات لەبواری ئابووری، ئامادەیشی دەربڕی کە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بدەن”، سەرۆکى ژوورى بازرگانى هەولێر وای وت.
سەرەتای مانگی هەشت، حکومەتی عێراق رێگریی دەکرد لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاست، دواتر مۆڵەتی دایە کارگەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان تاوەکو یەکی مانگی ئەیلوول، ئەو مەرجەشی دانا کە دەبێت کۆمپانیاکان تۆمارکراو و رێگەپێدراو بن.