دەستی بەسەردا گیراوە
ئەوەی لە لوبنان روویدا؛ خەتای پاتریی پەیجەرەکان بوو
964+
ئەحمەد مستەفا
حیزبوڵای لوبنان لەوەتەی سەرکردەکانی بە ئامانج دەگیرێن و روونتر پاش جەنگی غەزە، پەنای بردووە بۆ بەکارهێنانی تەکنیکە کۆنەکان بۆ خۆدزینەوە لە توانا پێشکەوتووەکانی چاودێری تەکنەلۆژی، تایبەت چاودێرییەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل “مۆساد”، بەڵام ئەمجارە پاتری زەفەری پێهێنا.
“ئەو تەقینەوەی ئەمڕۆ سێشەممە لە ناو ئامێرەکانی لاسلکی (پەیجەر) روویدا، حزبوڵای لوبنان بە گەورەترین پێشێلکاری ئەمنیی لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا کە رووبەڕووی بووەتەوە دادەنێت”، ئەوەش بەپێی ئەوەی بەرپرسێکی حیزبوڵا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە.
پاتری لیتیۆم
ئامێرەکانی لاسلکی “پەیجەر”، هەڵگرانی ئەندامەکانی حیزبوڵای لوبنانن، مۆبایلە ئاساییەکە نییە کە چینی گشتی بەکاریدەهێنن، لەناو پەیجەردا جۆرە پاترییەک بەکارهێنراوە ناوی “لیتیۆم”ە، “گومانەکە لەوەدایە ئەو پاترییە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە گەرم کراوە و پاشتر تەقیوەتەوە”.
بەرپرسێکی حیزبوڵای لوبنان ئەو قسانەی بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو پەیجەرە نوێیانەی کە ئەندامانی حیزبوڵا هەڵیانگرتبوو، پاتری لیتیۆمیان تێدابووە کە تەقێندراونەتەوە، کاتێک پاتری لیتیۆم گەرم دەکرێت، دەتوانێت دوکەڵ دەربدات و بتوێتەوە و تەنانەت ئاگریش بگرێت”.
پاتری لیتیۆم بارگاوی کارەوە کە لەناو ئامێرەکانی لاسلکی ئەندامەکانی حزبوڵای لوبنانی بوونی هەبووە، لەگەڵیشیدا پاتری لیتیۆم لە بەرهەمە بەکاربەرەکاندا دەتوانرێت بەکاربهێنرێت لەوانە بۆ، (مۆبایل، لاپتۆپ و هەتا ئۆتۆمبێلی کارەبایی).
هێرشی هەواڵگری بووە؟
ئاسۆ وەهاب، راوێژکاری سەلامەتی دیجیتاڵییە ئەو زانیاری نوێ بۆ 964 ئاشکرا دەکات و وتی، “زانیاری راوێژکارە تەکنیکییەکانی بوارەکە هۆکاری تەقینەوەکە، پاتری سیستەمەکە دەگێڕنەوە، گومانەکە ئەوەیە دەستیبەسەردا گیرابێت و دەستکاری کرابێت و دەرئەنجام لە یەککاتدا تەقینراونەتەوە”.
ئەو ئامێرانەی تەقێندراونەتەوە مۆبایل نین و ئامێری تایبەتین کە تەنیا پەیوەندی ناوخۆیی لە نێوان خۆیان ئەنجامدەدەن و حیزبوڵا بۆ پەیوەندی نێوان کادیر و فەرماندەکانی بەکاری دەهێنن، بە قسەی ئەو راوێژکارە، “تا ئێستا بەدواداچون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و کێشەکە لە پاتری ئامێرەکەیە نەک تۆڕی ئامێر و خودی ئامێرەکە، چونکە لەگەڵ تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی هەموو شتێک واردە و کارێکی هەواڵگری بەهێز بووە”.
گیان لەدەستدان و برینداربوون
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەدان ئامێری پەیوەندی ناسراو بە “پەیجەر” کە لەلایەن ئەندامەکانی حیزبوڵاوە بەکاردەهێندرێ، لە یەک کاتدا تەقینەوە تەندروستی لوبنان دەڵێت، دوو هەزار و 800 کەس برینداربوون و هەشت کەس گیانیان لەدەست داوە.
لەگەڵ ئەندامەکانی حیزبوڵا دا، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی پێوە بوون، داوا لە سەرجەم ئەو هاوڵاتییانەش کراوە کە ئەو ئامێرەیان هەیە، خۆیان لە بەکارهێنانی بەدوور بگرن.