نزیکەی دوو هەزار کوردن
لە سبەینێوە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارە کوردانە دەستپێدەکات کە گیریانخواردووە
964+
ژووری هەواڵ
لە سبەینێوە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەستدەکات بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانەی کە ماوەی چەند رۆژێکە لە سعودیە گیریان خواردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17.9.2024، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ھێڵی ئاسمانی عیراق لە سبەینێوە دەستدەکات بە گواستنەوەی ئەو عومرەکارانەی کە لە سعودیە گیریانخواردووە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و ھەرێم و ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار عومرەکاری کوردە.
وەزارەتەکە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەی داناوە بۆ پێداچوونەوە بە ئەو گەشتانەی کە گرفتیان ھەیە بۆ سعودیە بۆئەوەی گەشتەکانی لەکاتی خۆیاندا ئەنجامبدرێن، “لە بەرژەوەندی گەشتیاران”.
ئەمڕۆ، نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، “بەهۆی کێشەی هێڵی فڕۆکەوانی عێراق و سعودیە، ژمارەیەکی زۆر لە عومرەکاران لە سعودیە گیریان خواردووە، کە نزیکەی دوو هەزار کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن”.
“عومرەکاران لە دۆخێکی باشدان و لە هۆتێل ماونەتەوە”، نەبەز ئیسماعیل وای وت.