سامانە سروشتییەکان وا دەڵێت
ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوت و دابەزاندنی نرخی بەنزین دەستیپێکرد
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستیکردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین، دەڵێت لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.9.2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپاردووە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزینی نرخی بەنزین بکرێت.
دەشڵێت: لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری سامانە سرووشتییەکان گفتوگۆی لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی کردوو، لەم رووەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەکارییەکانی دەستپێکرد تاوەکو بەم نزیکانە لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوتی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ و هاوردەکردنی بەنزینی زیاتری بازرگانی و لەم رووەوە دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەکرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت، “هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا شاندێکی وەزارەت سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ دیاریکردن و وەرگرتنی بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی و بەنزین و کۆمەڵێک پرسی پەیوەنداری دیکە”.