خەڵکی شیلادزێن و بۆ گیای بەهارە چوو بوون
دوای 10 رۆژ لە دیار نەمانیان بە مردوویی دۆزرانەوە
964+
هەژین فەتاح
دوای 10 رۆژ بەسەر دیارنەمانیان, عارف و ئەحمەد بە مردووی تەرمەکانیان دۆزرایەوە و کەسوکاریشیان دەڵێن بە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا کوژراون.
ئەمڕۆ هەینی 14.4.2023، عارف عومەر شاجی تەمەن 50 ساڵ و باوکی 12 منداڵ، ئەحمەد حسێن سیتەیی تەمەن 31 ساڵ و باوکی دوو منداڵ، 10 رۆژ پێش ئێستا بۆ گیایی بەهارە چووبوونە ناوچەی مزوری ژوورو کە دەکەوێتە پشت چیای شیرین.
ئەوان لە 3.4.2023 لە ماڵ دەرچوون کە دانیشتووی کۆمەڵگەی سیریێی سەر بە ناحیەی شیلادزێن، دوای 10 رۆژ لە دیار نەمانی، ئەمڕۆ هەینی تەرمەکانیان دۆزرانەوە.
یەکێک لە کەسوکارەکانی بە 964ـی وت، دوای دوو رۆژ لە رۆیشتنیان بۆ ناوچەی مزوری ژوورو، ئەو ناوچەیە لەلایەن فڕوکەکانی تورکیا بۆردومان کراوە.
زیاتر دەشڵێت: دەرکەوتووە کە بەر تۆپ کەوتوون.
لە بەیانی زووەوە 15 کەس لە کەسوکاری رۆیشتوون بۆ هێنانەوەی تەرمی عارف و ئەحمەد، خەڵکێکی زۆریش لە چاوەڕوانیدان.
محەمەد تاهر عومەر، برای عارفی تەمەن 50 ساڵ بە 964 دەڵێت: رۆژێک دوای رۆیشتنیان واتە لە 4.4.2023 ئەو رووداوە روویداوە، هاوڕێکانی ئەوان ئاگاداریان کردینەوە کە ئەو شوێنەی عارف و ئەحمەد بۆی چوو بوون تۆپبارانکراوە.
زیاتر وتی “تەرمەکانیان لە ئەشکەوتی رەشێ دۆزراونەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت دوای نیوەڕۆ پاش گەیشتنەوەیان بە خاکیان بسپێرین”.
لەسەر ئەو پرسە هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە پۆستکدا لە فەیسبووکەکەیدا خۆیدا دەڵێت: دوای 10 رۆژ، ئەمڕۆ تەرمەکانی دۆزرایەوە کە “لە بۆرومانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهید بوون”.
پێشتر لەسەر دیار نەمانی عارف و ئەحمەد، پەیامنێری 964 قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ کردووە.
رزگار عوبێد، بەرێوەبەری ناحیەی شیلادزێ ئەوکات وتی: ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان پەکەکە و تورکیا بووەتە شوێنێکی قەدەغەکراو، بۆیە هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نییە و کە لە ژیاندا ماون یان بوونەتە ئامانجی بۆردومانی تورکیا، دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵی لێکوڵینەوەن”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق