لەدوو رۆژدا دوو عەمرەکاری کورد گیانیان لەدەستدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

عەمرەکارێکی کورد کە ژنێکی ٦٨ ساڵانە بەهۆی جەڵدەی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سعودیە کۆچی دوایی کرد و لە مەککە بەخاکدەسپێردرێت، لە دوو رۆژدا ئەمە دووەمین حاڵەتە.

کاروان ستونی بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە +964ی راگەیاند، عەمرەکارەکە ناوی سینەم ئیسماعیل فەتاح-ە و خەڵکی گوندی ستوونی-ە و دانیشتووی قەزای پیرمامە و ماوەی چەند رۆژێک بوو بە مەبەستی ئەنجامدانی عەمرە سەردانی عەرەبستانی سعودیەی کردبوو. 

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان، سینەمی تەمەن ٦٨ ساڵ رۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەهۆی جەڵدەی دڵ رەوانەی نەخۆشخانەی مەلیک فەیسەڵ کراوە لە شاری مەککە، بەڵام سەرەڕای رێکارە تەندروستییەکان و دوای رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ کۆچی دوایی کردووە.

“دوای وەرگرتنی رەزامەندی کەسوکارییان بڕیارە لە حەرەمی پیرۆزی مەککە نوێژی لەسەر بکرێت و پاشان لە گورستانی مەککە بە خاک بسپێردرێت،” کاروان ستونی وای وت.

لە ماوەی دوو رۆژدا ئەمە دووەم عەمرەکاری کوردە کە لە سعودیە گیانلەدەستدەدات، دوێنێش عەمرەکارێکی دیکەی کورد بە ناوی ئەحمەد عیسا سپینداری لە سعودیە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستپێکی وەرزی عەمرەوە تاوەکوو ئێستا شەش عەمرەکاری کورد لە سعوودیە کۆچی دواییان کردووە کە چوار پیاو و دوو ئافرەت بوون.