لەسەر فێڵکردن لە حکومەت زیاتر لە 11 هەزار کۆمپانیا و باجدەر سزادراون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 11 هەزار كۆمپانیا و باجدەر فێڵیان لە حکومەت کردووە و خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە، لەسەر ئەوە سزادراون.

وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فەیسبووکی خۆیان ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی باجەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵدا 11 هەزار و 594 كۆمپانیا و كۆمپانیا و باجدەر بەهۆی فێڵكردن و خۆدزینەوە لە باج، سزادراون و رووبەرووی رێكاری یاسایی كراونەتەوە.

کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت، “ئەوانەی سزادراون ئەو شوێن و کەسانەی نەگرتووەتەوە کە داهاتیان نزمە و کار و پیشەکەیان سنووردارە”.

هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا، 747 شوێن داخراون و 103 باجدەر ئاراستەی دادگا كراون بە هۆی ساختەكاری و سەرپێچی یاسایی لە باجداندا و قەدەغەی گەشتكردن لەسەر 72 باجدەر دانراوە.

“بە هۆی پێشكەشنەكردنی میزانیە لە ماوەی یاسایدا 2244 سزای دارایی دراون و 7135 نامەی ئاگاداركردنەوە ئاراستەی باجدەران كراوە و 1263 كۆمپانیا و باجدەریش بە هۆی قەرزاری باجەوە نیشانەی گلدانەوە لەسەر دۆسیەكانیان دانراوە”، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.