گوڵەکان هەفتەیەکیان ماوە بۆ هەڵوەرین

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

تاوەکو هەفتەیەکی دیکە، گوڵی ناو شەتڵگەکان بەهۆی سەرماوە لەناودەچن و هەڵدەوەرێن، بە قسەی خاوەنەکانیان.

ئێستا وەرزی ناشتنی شەتڵە و لە بەھاردا بەرهەمەکەی دەچندرێتەوە، بە تایبەتی لە مانگی چوار.

عەبدولرەحمان مەحمود خاوەنی شەتڵگەیە لە سلێمانی، بە 964+ی وت، لە ماوەی ھەفتەیەکی دیکەدا بەھۆی ھاتنی سەرماوە گوڵ نامێنێت، ئەو گوڵانەی کە ھەیە ئێستا وردە وردە گەڵاکانی دەوەرێن و تەنیا قەدەکەی دەمێنێتەوە، بەھار لە مانگی چواردا سەرھەڵدەداتەوە و گوڵ دەکەنەوە.

“ھەندێک گوڵ ھەیە چوار وەرزە سەوزە و گوڵی ھەیە، بەڵام ئەوانەش زۆر کەمن و گوڵەکانیان بەھۆی سەرماوە جوان نابن”، عەبدولرەحمان وای باسکرد.

بە قسەی ئەو شارەزایە، ھەندێک کەس ئەگەرچی گوڵەکان دەبەنە ناو خانوی پلاستیکی بۆ ئەوەی بەهۆی گەرمیەکەیەوە گوڵەکان بمێننەوە، بەڵام زۆرینەیان وەکو خۆیان نامێننەوە.

لەو شەتڵگەیە کە 964+ سەردانی کرد، نرخی گوڵەکان لە هەزار و ٥٠٠ دینار دەست پێ دەکات تاوەکو ١٥ هەزار دینار.