بریکارەکان هەر لەسەر بارهەڵگرەکان بەشە خۆراکی مانگانە دەفرۆشنەوە

+964

مەجید بتوێنی- ڕاپەرین

بە سۆراغی 964+، بەشێکی بەرچاو لە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک لە دەڤەری راپەڕین، هەر لەسەر بارهەڵگرەکان بەشە خۆراکی مانگانە دەفرۆشنەوە، چونکە هاوڵاتیان نایانەوێت.

هاوڵاتیان بە بیانوی خراپی کوالیتی مادە خۆراکییەکان، بە تایبەتی ئارد و برنج و رۆن، هەر لە شوێنی خۆیدا بە بریکارەکانی دەفرۆشنەوە، بریکارەکانیش لای خۆیانەوە بێ ئەوەی مادەکان دابگرن دەیان فرۆشنەوە.

964+ سەردانی یەکێک لە بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراکی کرد، لە لیستەکەیدا بەشە ئاردی بەسەر ٥٠٠ هاڵاتی دابەشکردبوو، تەنیا پێنج هاوڵاتی ئاردەکەیان وەرگرتبوو، ٤٩٥یان فرۆشتبوویانەوە.

چاومان بە ئەمیر عەبدوڵا کەوت، ئەو هاوڵاتیەکی خەڵکی رانیەیە، پێش ئەوەی سەیری بەشە ئاردەکەی بکات ناوی خۆی لە لیستەکەدا دۆزییەوە و ئاردەکەی بە بریکارەکەی فرۆشتەوە و پارەکەی وەرگرت.

ئەمیر عەبدوڵا بە 964+ی راگەیاند، “ئاردەکە ناکرێت بە نان، و بە کەڵکی بەکارهێنان نایەت، بۆیە دەیفرۆشنەوە”.

ئەو هاوڵاتیانە کیلۆی ئاردەکە بە ٥٠٠ دینار بە بریکارەکان دەفرۆشنەوە، دواتر لە بازاڕ ئاردی سفر دەکڕنەوە کەە فەردەیەکی ٢١ کیلۆیی بە ٢٥ هەزار دینارە.

هەروەها بە بیانوی ئەوەی رۆنەکە بۆنی ماسی دەدات، یەک دەبەی بە هەزار و ٥٠٠ دینار دەفرۆشنەوە، لە بازاڕدا یەک دەبە دەکڕنەوە بە دوو هەزار و ٥٠٠ دینار.

برنجەکەش کیلۆی بە ٢٥٠ دینار دەفرۆشنەوە و دواتر کیلۆیەک برنجی ئاسایی دەکڕنەوە بە هەزار و ٢٥٠ دینار.

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ماوەیەک سەرقاڵی بەدواداچووون بووە سەبارەت بەو دیاردانە، بە 964+ی راگەیاند، دوای بەدواداچوون نوسراوی فەرمیان کردووە بۆ بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، تاوەکو رێگە بگیرێت لە ئاشانەی ئاردی کوالیتی خراپ بەرهەم دەهێنن.

کاسترۆ مەعروف دەڵێت، ئاگادارن کە هاوڵاتیان بەشە خۆراکەکەیان دەفرۆشنەوە بە بریکارەکان و ئەوانیش هەر لەسەر پشتی بارهەڵگرەکان دەیانفرۆشنەوە بە لایەنی دیکە.