وەزارەتی دارایی بۆ وەزیرو پلە باڵاکان؛ ئۆتۆمبێلتان بۆ ناگۆڕین

964 فەرمان سادق

لە وەڵامی داواکاری کڕینی ئۆتۆمبێل بۆیان،  وەزارەتی دارایی بە وەزیرو بەرپرسانی پلە باڵا دەڵێت دوای ١٠ ساڵ ئۆتۆمبێل دەگۆڕین.

بەپێی نووسراوێک کە کۆپییەکی دەست میدیازان کەوتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکاری کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ بۆ وەزیرو بەرپرسانی پلە باڵای حکومەت دەداتەوە.

نووسراوەکەی وەزارەت بە ژمارە (١٦٥٤٧) لە ٣١ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەرچووە، خۆی لە پێن بڕگەدا دەبینێتەوە کە هەموویان پەیوەندارن بە پرسی کڕینی ئۆتۆمبێل.

“ئاگاداری هەموو داوم و دەزگایەکی حکومی دەکەین کە وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبەر بارودۆخی دارایی هەرێم لە ئێستادا ناتوانێ کۆی داواکارییەکانی کڕینی ئۆتۆمبێل دابین بکات کە کۆی گشتی داواکارییەکان کڕینی ئۆتۆمبێلە بە خزمەتگوزاری و پایە گەیشتووە”. ئەمە قسەی وەزارەتی داراییە لە بارەی داواکاری کڕینی ئۆتۆمبێل.

لە بڕگەی دووەمی نووسراوەکە هاتووە، هەموو ئەوانەی داوای ئۆتۆمبێلە دەکەن پێویستە بۆ داواکاری گۆڕینی ئۆتۆمبێلەکەی، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئێستا بەکاری دەهێنێت، ١٠ ساڵ بەکارهێنرا بێت و سوودی لێوەرگیرا بێت.

وەزارەتی دارایی لە خاڵی یەکەمی نووسراوەکەیدا، ریزبەندی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ وەزیرو پلە باڵاکان رووندەکاتەوە، بەجۆرێک ئەوانەی پلەی وەزیریان هەیە ئەوا تۆیۆتا لاندکروزەر (VXR) کە لەناو خەڵک بە وەنەشە ناسراوە، بۆیان دەکڕێت.

هەرچی ئەوانەی پلەی بریکاری وەزیریان هەیە، هەمان ئۆتۆمبێلیان بۆ دەکڕدرێت بەڵام بە تایبەتمەندی (GXR)، هەروەها ئەوانەی پلەی راوێژکار یان بەڕێوەبەری گشتییان هەیەن ئەوانیش وەنەوشەیان بۆ دەکڕدرێت، بەڵام بە تایبەتمەندی (GX).

لەخوار ئەو پۆستانە، ئەوانەی پۆستی بەڕێوەبەری گشتییان هەیە ئەوا تۆیۆتا فۆڕچەنەیان بۆ دەکڕدرێت، بەڕێوەبەری دەرمانگەش تۆیۆتا راڤ و ئەوانەی تریش تۆیۆتا پیکابیان بۆ دەکڕدرێت.

وەزارەتی دارای و ئابووری لە روونكردنەوەیەكدا باس لەوە دەكات هەر ئۆتۆمبێلێكی حكومەت تەمەنی دەساڵ بێت وەزارەتی دارای بۆیان دەگۆرێت و ئۆتۆمبیلی نوێیان بۆ دەكرێت.

بەپێی زانیارییەکان، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ١٨ هەزار ئۆتۆمبێلی حکومی هەیە، ساڵانەش بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە لە خزمەت دوور دەخرێنەوەو ئۆتۆمبێلی نوێتر دەکڕدرێت.