واز لە فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی نەهێنن دەدرێنە دادگا
+964
هونەر فارس- گەرمیان
کڕین و فرۆشتن بە جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە لە قەزای دەربەندیخان قەدەغە دەکرێت، بە قسەی قایمقامیش بڕیارەکە بڕیاری تەندروستییە.
بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە و وەزارەتی تەندروستیش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردەیەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی قەزای دەربەندیخان، فرۆشیارانی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییە ئاگادار دەکاتەوە واز لە مامەڵەکردن بەو ئامێرەوە بهێنن.
سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی 964ی راگەیاند: “بڕیارەکەمان لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێگەیشتووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی لیژنەکانمانەوە دەست بە ئیجرائاتەکان دەکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئاگادارکردنەوە و دەست بەسەرداگردتنی ئەو ئامێرانە، ئەگەر خاوەن دوکان بەردەوام بوو لە فرۆشتنی، دەدرێتە دادگا.
لە قەزای دەربەندیخان لانی کەم دوو دوکانی تایبەت بە فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی هەیە، جگە لە دوکانی پاکەتفرۆشان، کە جگەرەی ئەلیکترۆنیشی تێدا دەفرۆشرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا