سەرەڕای بارانبارین لە گەرمیان پەڵەی نەداوە

هونەر فارس – گەرمیان

​

لە گەرمیان تاوەکو ئێستا باران زیاتر باریوە بەراورد بە پار، بەڵام هێشتا پەڵەی نەداوە، بە قسەی بەرپرسانی کشتوکاڵی دەڤەرەکە.

​

بەگوێرەی هۆبەی کشتوکاڵی گەرمیان، رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا ٥٨.٦ ملیمە، پار ئەم کاتانە ٣٤.٦ ملیم بووە.

​

شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە 964+ی راگەیاند، هەرچەند رێژەیەکی باش باران لە سنورەکە باریوە، بەڵام هێشتا زووە بۆ راگەیاندنی ئەوەی پەڵەی داوە.

​

لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو، لە کەلار ٨.٥ ملیم، خانەقین ٧.٦ ملیم، مەیدان ٨.١ ملیم، پێباز ٧.١ ملیم و کفری ٣.٦ ملیم باران باریوە.