ئەو تیکتۆکچییەی بە نورەدین خۆی ناساندبوو دەستگیر کرا – وێنە؛ ئاسایشی هەولێر
"سوکایەتی بە هاوڵاتیان کردووە"
نورەدینەکەی تیکتۆک لە هەولێر دەستگیر کرا
شۆڕش قادری
نورەدینەکەی تیکتۆک دەستگیر کرا، ئاسایشی هەولێر دەڵێت، قسەی نەشیاوی وتووە و سووکایەتی بە هاوڵاتیان کردووە، هەر کەس شکاتی لێی هەیە با بچێتە ئاسایش.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لەسەر سکاڵای چەند هاوڵاتییەک و بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و پێشێلکردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە بە ناوی (ک، م، م ) کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بە (نورەدین) ناسراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبار شەوانە، دوور لە هەموو ئاداب و رەوشتێک، سووکایەتی و قسەی نەشیاوی بە هاوڵاتیان کردووە، هاوکات پێشتریش لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیر کراوە و سزای یاسایی دراوە.
ئاسایشی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات، هەر کەسێکی دیکە سکاڵای یاسایی لەسەری هەیە، با سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات.