دوای 10 ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەکەی
نەخۆشخانە 100 قەرەوێلەیەکەی چەمچەماڵ تەواو دەکرێت
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
لەسەر رووبەری 8 هەزار مەتر دوجا نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێلەیی لە چەمچەماڵ دروستدەکرێت. بەرپرسانی تەندروستی شارەکەش داوا دەکەن بکرێتە 150 قەرەوێلە.
نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێلەیی چەمچەماڵ ساڵی 2013 بەردی بناغەکەی دانراوە، ئەو کاتەی رێکەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی بوو، هەروەها ئامانج محەمەد قایمقامی چەمچەماڵ بوو.
دوای 10 ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەی ئەمجارە لەلایەن خێرخوازێکی دیکە خەستەخانەکە بڕیاری دروستکردنی دراوە و ژمارەی قەرەوێلەکانیشی لە 50 کراوە بە 100، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی چەمچەماڵ داوادەکەن بکرێت بە 150 قەرەوێلە و پاساویشیان ئەوەیە کە چەمچەماڵ زۆر گەورە بووە.
دکتۆر شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوبەری تەندروستی چەمچەماڵ قسەی بۆ 964 کردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوێنێوە دەستکردن بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە دەستی پێکردووە،بەزارەکی پێمان وتراوە لەماوەی ساڵێک تەواو دەکرێت.
964 دەزانێت، جەمالی حاجی عەلی، وەک سەرمایەدارێک بڕیاریداوە نەخۆشخانەکە تەواو بکات کە بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
لە چەمچەماڵ، نەخۆشانەی شەهید پێشڕەو و لەدایکبوون هەن و نەخۆشخانەی باسەڕە لە ناحیەی شۆڕش هەیە.
دکتۆر شەریف رەحیم دەشڵێت: بە تەواو بوونی ئەم نەخۆشخانە 100 قەرەوێلەیە، بەشێکی زۆری کێشەکانی تەندروستی چەمچەماڵ چارەسەر دەبێت.