دەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 بووە

پەروەردەی هەولێر لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگاکە کۆبووەوە

هەژان هادی

ئەمڕۆ پەروەردەی گشتیی هەولێر و لیژنەی باڵای ئەمنی هەولێر بۆ تاوتوێکردنی تاقیکردنەوەکانی وزاری پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ خوێندنی ئەمساڵ کۆبوونەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر بڵاویکردەوە، ئەمرۆ سێشەممە 09.06.2026 کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ئەزموونەکانى وزاری پۆلى 12ـى ئامادەیی بۆ ئەمساڵی خوێندن لە نێوان لیژنەی ئەمنی شار و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەیی هەولێر بەڕێوەچوو.

وەک پەروەردەی هەولێر باسی لێوە دەکات، بڕیارە تاقیکردنەوەیان لە چواردەی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

ئاماژە بەوەشدراوە، تەنیا لە سنووری پەروەردەی هەولێر 19 هەزار و 847 هەزار قوتابی لە 312 هۆڵ، بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن.

لەو کۆبوونەوەیەدا جێگری پارێزگاری هەولێر دڵنیاییدا لە دابینکردنى سەرجەم پێداویستییەکانی تاقیکردنەوەکان بۆ قوتابییان، بە تایبەتى دابینکردنى کارەبا و ئامێرەکانى فێنککەرەوە بۆ هۆڵەکانى تاقیکردنەوە و جەختیشیکردەوە کە پێویستە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە باشترین و سەرکەوتووترین شێوە پرۆسەى تاقیکردنەوەکانى قوتابییان بێ کەموکوڕی بەڕێوەبچێت.