چوار ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمدەهێندرێت

“بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بەشی 85%ـی پێویستی ناوخۆ دەکات”

فەرمان سادق

پێشبینی دەکات بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی چاندراو بگاتە چوار ملیۆن تۆن، وەزارەتی بازرگانی عێراقیش دەڵێت: ئەو بڕە بەشی 85%ـی پێویستی ناوخۆ دەکات.

ئەو پێشبینییە بۆ بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی عێراق تەنیا دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن بووە، ئەو بڕەش تەنیا بەشی پێویستی 40%ـی ناوخۆی کرد.

بە قسەی وەزارەتی بازرگانی بێت، پێویستی عێراق بۆ گەنم ساڵانە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆنە، بۆ ئەمساڵیش وەک حەیدەر نوری کرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە دەڵێت: پێشبینی دەکەین بەرهەمی ناوخۆ بگاتە چوار ملیۆن تۆن کە بەشی پێویستی 85%ـی ناوەخۆ دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە قسەی بۆ ئاژانسی هەوڵی عێراقی کردووە و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە بۆ ئەمساڵ عێراق پێویستی بە کڕینی تەنیا 600 هەزار تۆن گەنم هەیە.

وەزارەتی بازرگانی بۆ ئەمساڵ بڕیاریداوە تۆنی گەنمی پلە یەک بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران بکڕێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە گەنمی ئوستراڵی بە 650 هەزار دینارە.

زیاتر وتی “ئەو پاڵپشتییە بۆ جوتیارانی ناوخۆ، هاندانێکە بۆ ئەوەی گەنمی زیاتر بچێنن”.

ئەەوی وایکردووە وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشبینی گەیشتن بە چوار ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنمی ناوخۆ بکات، ئەو بارانە زۆرەیە کە بە قسەی وەزارەتەکە ئەمساڵ باریوە.